Tuesday, August 9, 2016

دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ ژێر زه‌وی‌ به‌ڕێگایه‌كی‌ ئاسان


له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنانه‌شدا كه‌ له‌بواری زه‌وی‌ ناسی و جیۆلۆجی و سۆناری زه‌وی و دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوی ژێرزه‌وی‌، هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، هێشتا كه‌سانێك به‌ڕێگایه‌كی‌ ساده‌و سانا هه‌وڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ ژێرزه‌وی‌ ده‌ده‌ن و هه‌وڵه‌كانیشیان تائاستی‌ به‌رچاو سه‌ركه‌وتووه‌، نموونه‌ی‌ زیندووش هاووڵاتییه‌كی گوندنشینه‌و به‌ڕێگایه‌كی كه‌م خه‌رجی سه‌رچاوه‌ ئاوه‌كانی ژێرزه‌وی‌ ده‌دۆزێته‌وه‌.

چوار ساڵه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات
موشیر حه‌مه‌د دانیشتووی گوندی گۆمه‌شینی بناری كۆیه‌، كه‌ به‌گۆمه‌شینی‌ وڵاتی‌ كۆیه‌ ناسراوه‌، وه‌ك خۆی وتی: ماوه‌ی‌ چوار ساڵه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كات‌و له‌كه‌سێكی نزیكییه‌وه‌ فێربووه‌، وتیشی: ئه‌و كه‌سه‌ له‌سه‌رده‌می پاش ئه‌نفالدا، ئاواره‌ی‌ وڵاتی پاكستان بووه‌و له‌وێ فێری ئه‌و جۆره‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌ بووه‌.
موشیر حه‌مه‌دی‌ ئاو دۆزه‌ره‌وه‌، بۆ كوردستانی‌ نوێ زیاتر روونیكرده‌وه‌و وتی‌: ئه‌و جۆره‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌ هیچ خه‌رجییه‌كی تێ ناچێت، چونكه‌ ته‌نیا بڕینه‌وه‌و لێك به‌ستنی دوو شوڵكه‌ دار هه‌ناری ته‌ڕی پێویسته‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌كه‌، به‌ڵام ده‌بێت شوڵكه‌ دار هه‌ناره‌كان درێژه‌ییه‌كه‌یان مه‌ترێك بێت ‌و تازه‌ بڕدرابنه‌وه‌و ته‌ڕ بن‌و سه‌ریان لێك ببه‌سترێت. ده‌باره‌ی‌ قۆڵایی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاویش موشیر وتی‌: بۆ ئاوی‌ سه‌رزه‌وی‌ یان ئاوی‌ باراناو شولكه‌كان ئاماژه‌ ناده‌ن، به‌ڵام بۆ ئاوی‌ ژێرزه‌وی‌ ئاوه‌كه‌ له‌قوڵایی 30 مه‌تر بۆ 250 مه‌تری ژێرزه‌وی‌ به‌له‌رینه‌وه‌ی‌ شولكی داره‌كان شوێنی ئاوه‌كه‌ ده‌ست نیشان ده‌كرێت‌و هه‌ر كاتێك گه‌یشتیته‌ ئه‌و شوێنه‌ی‌ ئاوه‌كه‌ی‌ لێیه‌ شولكه‌كان سه‌ره‌و هه‌راز ده‌له‌رنه‌وه‌.

ره‌تیان نه‌كردۆته‌وه‌
وه‌ك ئه‌و جووتیاره‌ باسی، تائێستا له‌سه‌ر داوای‌ جووتیاران ‌و خه‌ڵكی‌ گونده‌كانی كوردستان نزیكه‌ی‌ 250 سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوی‌ له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی كوردستان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌شێكیان بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوی گونده‌كان و به‌شێكیشیان بوونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ئاودێریی‌‌و كشتوكاڵ ‌و ره‌زگه‌ریی، موشیر حه‌مه‌د وتیشی‌: زانستی جیۆلۆجی هیچ جۆره‌ دژایه‌تی و ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌دا نییه‌و چه‌ند جارێكیش له‌گه‌ڵ ئه‌ندزیارانی‌ جیۆلۆجی‌ قسه‌مان كردووه‌و ئه‌و شێوه‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌ زۆر به‌گونجاو ده‌زانن.
هاوكاریی هه‌ر كه‌سێك
ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌، هونه‌ری‌ ئه‌و جۆره‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌یه‌و هونه‌ره‌كه‌ش له‌جۆری‌ به‌ده‌سته‌وه‌ گرتنی‌ دوو شولكه‌ هه‌ناره‌كه‌دایه‌، كه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌ی‌ راست و چه‌پ به‌ده‌سته‌وه‌ بگیرێن، ئه‌و ئاو دۆزه‌ره‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر منه‌ ته‌نیا دۆزینه‌وه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوی‌ ژێر زه‌وییه‌و ئاماده‌م هاوكاریی هه‌ر كه‌سێك بكه‌م كه‌پێویستی بێت‌و هه‌روه‌ها دواتر لێدانی‌ بیره‌كان و رێ پێدانی‌ لێدانی‌ بیره‌كان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی‌ خاوه‌ن زه‌وییه‌كان و جووتیاران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.

پشتگیریی ده‌كه‌ن
له‌په‌یوه‌ندییه‌كیشدا له‌گه‌ڵ كوردستانی نوێ، سه‌ربه‌ست فه‌قێ سه‌عید به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كشتوكاڵی‌ كۆیه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌و شێوه‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ئاوه‌ له‌لایه‌ن سه‌یفه‌دین سه‌لیم و موشیر حه‌مه‌د، مایه‌ی پشت پێ به‌ستنه‌و وتیشی: ئه‌وه‌نده‌ی بیستبێتیان‌و باس ده‌كرێت، ئه‌و دوو جووتیاره‌ زۆربه‌ی جار دوای‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ شوێنی‌ سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كان، ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ڕاسته‌و ئه‌و جێگه‌یه‌ی‌ ده‌ست نیشانی ده‌كه‌ن ئاوی‌ ژێرزه‌وی‌ هه‌یه‌.

No comments:

Post a Comment