هه‌ولێر:
به‌هۆی پێشوازییكردنی ئێران له پلانه‌كانی سعودییه و رووسیا بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به هه‌مان ئاستی مانگی كانوونی دووه‌می رابردوو، ئه‌مڕۆ نرخی نه‌وتی خاو له گرێبه‌سته پێشوه‌خته‌كان له مامه‌ڵه‌كانی ئاسیا به‌رزبوویه‌وه.
سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی جۆری برێنت له گرێبه‌سته پێشوه‌خته‌كان 42 سه‌نت به‌رزبوویه‌وه و به 34.92 دۆلاری ئه‌مریكیی فرۆشرا.
هاوكات نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكا 50 سه‌نت به‌رزبوویه‌وه، نرخی یه‌ك به‌رمیلی ئەو نەوتە گه‌یشته 31.16 دۆلار.
"له ماوه‌ی ساڵی 2020 تا 2025، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی رووسیا بۆ 460 ملیۆن ته‌ن داده‌به‌زێ"
وه‌زاره‌تی وزه‌ی رووسیا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی دابه‌زینی نرخی نه‌وتی خاو و كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی خه‌رجییه‌كان له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانه‌وه، له ساڵی 2020 تا 2025 به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی رووسیا بۆ 460 ملیۆن ته‌ن داده‌به‌زێت، ئه‌وه له كاتێكدا له ساڵی رابردوو، ئاسته‌كه‌ی گه‌یشتبوه 534 ملیۆن ته‌ن.
وه‌زاره‌تی وزه‌ی رووسیا گوتی: "به گوێره‌ی ئه‌و سیناریۆیه كه خراپتربوونی ره‌وشه‌كه‌ی تێدا به‌هه‌ند وه‌رگیراوه، پێشبینیی ده‌كرێ، له ساڵی 2016-2017، نرخه‌كانی نه‌وت له نێوان 31 بۆ 33 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك بمێننه‌وه، به هاتنی 2020، ئه‌و نرخانه بۆ 42 دۆلار به‌رزده‌بنه‌وه"، دووپاتیشیكرده‌وه: "گونجان له نێوان خستنه‌ڕوو و داواكاریی له‌سه‌ر نه‌وت دروست نابێت".
"نرخه‌كانی ئێستا، وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت ناچار ده‌كات ئاستی به‌رهه‌مهێنانیان جێگیر بكه‌ن"
سوهه‌یل بن محه‌ممه‌د ئه‌لمه‌زرووعی، وه‌زیری وزه‌ی ئیمارات گوتی: "نرخه‌كانی ئێستای نه‌وت، وڵاتانی به‌رهه‌مهێن ناچار ده‌كات، ئاستی به‌رهه‌مهێنانیان جێگیر بكه‌ن".
ئاژانسیی هه‌واڵه‌كانی ئیمارات، له وه‌زیری وزه‌ی ئیماراتی گواستووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تی: "نرخه‌كانی ئێستا بۆ هه‌موان گونجاو نییه، وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر ناچار ده‌كات، وه‌به‌رهێنان له جۆره‌كانی نه‌وت ئه‌وانه‌ی تێچوویان زۆره، سنوورداربكه‌ن"، به‌ڵام وه‌زیری وزه‌ی ئیمارات، گه‌شبینیی خۆی بۆ "داهاتووی بازاڕیی نه‌وت" ده‌ربڕی.
"پێویسته له‌سه‌ر وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ریی نه‌وت، چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه"
عادل عه‌بدلومه‌هدی، وه‌زیری نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند: "گفتوگۆكانی نێوان رێكخراوی ئۆپیك و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كه به‌رده‌وامده‌بێ، بۆ گێڕانه‌وه‌ی نرخه‌كانیش بۆ ئاستی سروشتی خۆیان، پێویسته له‌سه‌ر وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ر، چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه".
وه‌زیری نه‌وتی عێراق گوتی: "نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان رێكخراوی ئۆپیك و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی رێكخراوه‌كه، هه‌نگاوێكه به‌ره‌و رێكخستنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت".
سه‌رچاوه: رۆیته‌رز
No comments:
Post a Comment