هەرێمی كوردستان ئێستا رۆژانە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا 600 هەزار بەرمیل نەوت
دەفرۆشێ. نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا گەیشتووەتە 28 دۆلار، بەڵام بەرمیلی نەوتی كوردستان بە نزیكەی 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێ.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەو كۆمپانیایەی نەوتی كوردستان دەفرۆشێ، بۆ هەر بەرمیلێك سێ دۆلار و 75 سەنت وەردەگرێ. هەروەها دۆلارێك و 25 سەنت كرێی گواستنەوەی نەوتەكەیە. نەوتی كوردستان بەراورد بە نەوتی برێنت 5 دۆلار هەرزانترە، ئەویش بەهۆی نزمیی كواڵیتی لەچاو كواڵیتی نەوتی برێنت. بەو پێیە ئێستا بەرمیلێك نەوتی كوردستان بە 17 تاوەكو 18 دۆلار دەفرۆشرێ.
حكومەتی هەرێمی كوردستان حیسابی دابەزینی زیاتری داهاتی نەوتیشی كردووە. رۆژی 16/1/2016 درێژترین كۆبوونەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر قەیرانی دارایی بەڕێوەچوو. كۆبوونەوەكەش بۆ چۆنیەتی زیادكردنی داهات و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بوو.
لە كۆبوونەوە 10 كاژێرییەكەدا قسەی لەسەر راگرتنی نەوت كراوە. لێژنەی باڵای ئابووریی كوردستان بڕیاری داوە ئەگەر نرخی بەرمیلێكی نەوت گەیشتە 14 دۆلار، ئەوا هەرێمی كوردستان هەناردەكردنی نەوتی خۆی بۆ دەرەوە رابگرێ. چونكە داهاتەكەی بەشی خەرجیی دەرهێنانەكەی ناكات.
ئەندامێكی لێژنەی باڵای ئابووریی كوردستان كە بەشداری كۆبوونەوەكەی حكومەتی كردووە، بە رووداوی گوت ئەگەر نرخی نەوت گەیشتە 14 دۆلار، هەناردەكردنی رابگرین باشترە، چونكە هیچ داهاتێكی نامێنێتەوە جگە لە سەرئێشە و ماندووبووون.
لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و نەبوونی مووچە و قەیرانی دارایی، بەڵام هێشتا بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی نرخەوە هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە. بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە رۆژی پێنج شەممەی داهاتوو 21/1/2016 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ پارێزگارەكان و قایمقامەكان و لێژنەی چاودێریی بازاڕ كۆببێتەوە بۆ ئەوەی نرخی بازاڕەكان رێكبخرێ و هیچ بازرگانێك بە كەیفی خۆی نرخ لەسەر شتومەك دانەنێ.
No comments:
Post a Comment