Saturday, January 16, 2016

وزەى گەرمیى زەوى.



دەسپێک


هەڵبەت ئامانجم لە نووسینى ئەم وتارە زەویناسییانە وبڵاوکردنەوەى لەگۆڤارێکى گشتیدا یان لەماڵپەڕێکدا، ئەوەیە کەئەم زانستەتا ئەم دواییانەلەناوخەڵکیدا شاراوەبوو وە زانیارى دەربارەى کەم بوو بۆیەبەپێویستى دەزانم ناوبەناو بابەتە زەویناسییە گرنگەکان تاڕادەیەک ئاسان بکەم وبەشێوەیەکى گونجاو پێشکەشى خوێنەرى کوردى بکەم. ئەمەلەلایەک ولەلایەکى تریشەوە،ئێستا زەویناسى لەقوتابخانەکاندا دەخوێنرێت (پۆلى حەوتەمى بنەڕەتى وساڵى داهاتوو لەپۆلى هەشتەم و دووساڵى تر لەپۆلى نۆیەم) کەواتەپێویستە نەک هەر قوتابیان بەڵکو گشت لایەک واتەمامۆستایان ودایکان وباوکان زانیارى سەرەتاییان هەبێت دەربارەى ئەوزانستە،کەئەمەیارمەتى گەیاندنى بابەتى وانەکانى ناو کتێبى قوتابى باشتر دەدات. بەهیوام ڕۆژ لەدواى ڕۆژ زانیارییەگشتییەکانمان زیادبێت و ڕادەى خوێندنەوەمان زیاتر بێت بۆ ئەوبابەتانەى کەپەیوەندى بەژیانى خۆمانەوە هەیەکەزەویناسى یەکێکە لەوبابەتەسەرەکییانە. 




سەرچاوەکانى وزە




دەتوانین بەگشتى دوو سەرچاوە بۆ وزە دەست نیشان بکەین: یەکێکیان سەرچاوە تازەنەبووەوەکانە(لەبنهاتووەکان)،کە نەوت وگاز وخەڵوزى بەردین دەگرێتەوەودووەمیان سەرچاوە تازەبووەوەکانە(لەبننەهاتووەکان) کەئەمیان وزەى گەرمیى زەوى و وزەى خۆر(هەتاو) و تواناى ئاو و وزەى هەڵکشان وداکشانى ئاوى دەریا و وزەى با دەگرێتەوە.بێگومان هەموو لێکۆڵینەوەکان ئاماژەبەوەدەکەن کەوزەى ناوکیى(ئەتۆمیى) لەداهاتوودا دەبێتەسەرچاوەى سەرەکى بەدەستهێنانى وزە لەجیهاندا. بەگوێرەى سەرچاوە تازەنەبووەوەکان،کە نەوت وگاز وخەڵوزى بەردین دەگرێتەوە خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوەبۆ لیستى سەرچاوەکان لەخوارەوەچونکەدەربارەى ئەوانەلەوتارەکانى پێشوومدا بەدرێژى باسم لێوەکردوون. هەرچى سەرچاوە تازەبووەوەکانە هەوڵدەدەم باسیان لێوەبکەم وهەندێک زانیارى سەرەتایى بخەمەبەردەم خوێنەر. لەم وتارەدا باس لەوزەى گەرمیى زەوى دەکەم و هەوڵدەدەم بەساکارى ڕوونى بکەمەوەکەچییەو چۆن سوودى لێوەردەگیرێت.
ئەوەى کەئێستا ڕوودەدات ئەوەیەکە زیاتر لە 90% وزەى بەکارهاتوو لە سەرچاوە تازەنەبووەوەکانى وەک نەوت وگاز وخەڵوزى بەردینەوە وەردەگیرێت (وێنەى 1) ،هەرئەمەش وادەکات کەگرفتى سووتەمەنى لەجیهاندا سەرى هەڵداوەو ناوبەناو زیانێکى گەورەبەئابوورى وڵاتان دەگەیەنێت. زۆربەى پێشبینییە زەویناسییەکان ئەوەڕادەگەیەنن کەلوتکەى بەرهەمهێنانى نەوت لەجیهاندا لەساڵانى نێوان 2005 تا 2020 دا دەبێت ولەوساڵەبەدوواوەبەرهەمهێنانى نەوت ساڵ لەدواى ساڵ بەرەوکزى دەڕوات ولەوانەیەساڵى 2070 بەتەواوى تواناى لێببڕێت.ئەمەتەنها وەبیرهێنانەوەیە کە پێویستەتا چەند ئاگادرى سەرچاوەلەبنهاتووەکانى وزە بین وڕێزى لێبگرین وبتوانین جێیان بگرینەوەبەسەرچاوە تازەبووەوەکانى وزە.




وزەى گەرمیى زەوى ( Geothermal Energy )

ئەم زەوییەى لەسەرى دەژین وماڵى هەموومانەو سەرچاوەى ژیانەبۆ ئادەمیزاد، سەرچاوەیەکى گەرمیى ناوەوەى هەیە کەلەسەر زەوى لەشێوەى کانیاوەگەرمەکان و گیزەرەکان و گڕکانەچالاکەکان دەردەکەوێت (وێنەى ژمارە2).بنەچەى ئەم گەرمییەى ناو زەوى دەگەڕێتەوەبۆ کاتى دروستبوونى زەوى وهەندێکیشى بەرهەمدێت لەئەنجامى شیبوونەوەى مادە تیشکاوەرییەکان. بەشێوەیەکى ڕێکوپێک تا بەرەوقووڵاى زەوى دابەزین ئەوا پلەى گەرمى بەرزدەبێتەوە،ئەوزیادەیەش بەنزیکى دەکاتە3پلەى سەدى بۆ هەر 100مەتر لە ئاستەکەم قووڵەکاندا. ئەم پلەى گەرمییەلەبنکى توێکڵى کیشوەریدا دەگاتە400 تا 1000پلەى سەدى ،ولەچەقى زەویدا بەنزیکى دەگاتە 4500پلەى سەدى.کەواتەبەشێوەیەکى ساکار ئەوگەرمییەهێند قووڵەکەبەئاسانى نایگەینێ تا ڕاستەوخۆ بەدەستخۆمان بێت بەکارهێنانى وتەنانەت لەهەڵکەندنى بیرەکانیشدا ناتوانین بەشێوەیەکى ئابوورى سوودى لێوەربگرین.ئەوەى کەدڵخۆشکەرە و سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ئەم وزە گەرمییەى زەوى لەهەندێک شوێن خۆى بەشێوەیەکى سروشتى دێتەسەرزەوى و چەندەها ساڵە لەوڵاتانى وەک ئایسلەندا وئیتالیا و نیوزیلاند وئەمریکا سوودیان لێوەرگیراوە. لەزۆربەى کاتدا ئەم وزەى گەرمییە لەچینەکونیلەدارەدادەرەکاندا لەقووڵاییەکى کەمدا کۆدەبێتەوە لەشێوەى ئاوى گەرمى ژێرزەوى (وێنەى ژمارە3). وزەى گەرمیى زەوى لە شوێنێکدا کۆدەبێتەوەکەتاڕادەیەک نزیک بێت لە گڕتاوێک (Magma ) کە نزیکەلەڕووى زەوییەوە.لەگەڵ ئەمەشدا سووڕانەوەى ئاوى ژێر زەوى بەدرێژایى لێکترازاو یان قڵیشى ئاسایی(Normal fault ) لەناوچە داتەپیوەکان یان شکاوەکاندا، دەبێتەهۆى دروست بوونى کانیاوەگەرمەکان کەلە زۆرکاتدا بۆ بەرهەم هێنانى وزەى کارەبا سوودى لێوەردەگیرێت (وێنەى ژمارە4).سیستەمى وزەى گەرمیى زەوى زۆر لەسیستەمى دروست بوون وکۆبوونەوەى خاوەکان لەڕێگەى شلەگەرمەکانەوە دەچێت. کانیاوەگەرمەکان وگیزەرەکان شایەتى بەڵگەنەویستن لەسەر بوونى سیستەمى گەرمیى ژێرزەوى. بێگومان بوونى ئەم شوێنانەى کەوزەى گەرمیى زەوى لێوەدەردەچێت تایبەتەبە پشتێنە نقوم بووەکان یان ئەوشوێنانەى کە شکانى کیشوەرى تیادا ڕوودەدات یان لەوشوێنانەى کەگەرمى بەشى کەوڵى زەوى بەرز دەبێتەوە بۆ سەرەوە. 




بارودۆخى دروست بوونى وزەى گەرمیى زەوى

بێگومان دروستبوونى سیستەمى وزەى گەرمیى زەوى پێویستى بەبوونى بارودۆخى تایبەت هەیە کەیارمەتى دروست بوونى دەدەن،ئەگینا ئەوسیستەمەدروست نابێت.هەڵبەت بوونى سەرچاوەیەکى گەرمى( وەک بوونى ژوورێکى گڕتاوى نزیک ڕوووى زەوى) ئەوە مەرجى سەرەکییە،بەڵام بوونى کانگەیەکیش لەچینەکونیلەدارە دادەرەکانیش زۆرگرنگەبۆ دروست بوونى ئەم سیستەمە، کە ئەوکونانەپڕبن لەئاو وهەڵم. ئەوگەرمییە ئاوى ناو کونیلەکان گەرمدەکات و پاشان بەرەوسەرەوەدەڕوات وبەئاوى سارد جێگەى دەگیرێتەوەلەزۆرکاتدا ئەوچینەدادەرە بە چینە سەرقاپێکى دانەدەر( وەک چینى قوڕین) سەریدەگیرێت. ئەم چینەسەرقاپە ڕێ لەدەرچوونى گەرمییەکەدەگرێت کەبەئاسانى بڵاوببێتەوەبەڵکولەژێرەوەپەنگ دەخواتەوە. کاتێک ئەوئاوەگەرمەپلەى گەرمییەکەى دەگاتە150پلەى سەدى یان زیاتر،دەتوانرێت کارەباى لێبەرهەم بهێنرێت ئەویش بە ناردنى ئەوئاوەبۆ سەر ڕووى زەوى وکاتێک دەگاتەسەر ڕووى زەوى لەبەر کەمبوونى پەستان ئەوا دەبێت بەهەڵم .ئەم وزەیەدەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کارپێکردنى تۆڕباین کەکارەبا بەرهەمدێنێت.ئەگەر پلەى گەرمى ئاوەکە زۆر بەرزنەبوو دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆگەرمکردنى شوێنەکان وەک ئەوەى کەلە شارى ڕیکیاڤیک یان ئایسلاند بەکاردێت کەدەبێتەگەرمکردنى ماڵەکان.لەزۆر شوێنى تر بەکاردێت بۆگەرمکردنى خانوەشووشەییەکان لەپێناو بەرهەمهێنانى میوەهات وسەوزەوات.




بەکارهێنانى وزەى گەرمیى زەوى

زۆر وڵات هەیەکەسوودى لەم وزەیە وەرگرتووە هەرچەندە شوێنى وڵاتەکەلەڕووى زەویناسییەوەئەوەدەست نیشان دەکات کەبکرێت ئەووڵاتەبتوانێت ئەو وزەیە بەرهەمبهێنێت یان نا،لەو وڵاتانە ئەمریکا و فیلیپین و مەکسیک وئیتالیا پێشڕەون لەوبوارەدا. هەندێک سیستەمى گەورەى وزەى گەرمیى زەوى وەک گیزەرەکانى باکوورى کالیفۆرنیا یان کێڵگەى لارداریلۆ لەئیتالیا تواناى بەرهەم هێنانى کارەبایان هەیەبۆ شارێکى گەورە،بەڵام تائێستاش ئەم وزەیە کەمتر لە 0.2% لەوزەى گشتى بەرهەمهاتوو لە نەوت وگازپێکدێنێت لەجیهاندا.توێژینەوە زانستییەکان پێشبینى ئەوەدەکەن کە لەداهاتوودا و لەکاتى لوتکەى گەشەکردندا ئەوا ئەوجۆرەلەوزە بڕێکى کەم لەپێداویستى وزە دابین دەکات لەجیهاندا.
بەکارهێنانى وزەى گەرمیى زەوى لەگەڵ ئەوەى کەسنووردارە،بەڵام چەندسوودێکى هەیە لەوانە،یەکەمیان ئەوکارەبایەى کەبەرهەمدێت لەم جۆرە وزەیەوە ژینگەپیس ناکات وپاکە. ئەوئامێرو مەشینانەى بەوزەى گەرمیى زەوى کاردەکەن دووانۆکسیدى کاربۆن ناکەنەبەرگەهەواوە وپیسى بکەن.دووەم سوودى ئەم وزەیەئەوەیەکەتازەدەبێتەوە بەپێى ئەوەى کەسەرچاوەى گەرمییەکەبۆکاتێکى درێژ بەردەوام دەبێت لەپێدانى وزە. ژوورێکى گڕتاوى گەورەلەوانەیەهەزاران ساڵى بووێت تا بەتەواوى سارد دەبێتەوە و ئیتر کەڵکى نەمێنێت بۆ گەرمکردنى ئاوى ژێرزەوى.لەگەڵ ئەم سوودانەشدا بێگومان لایەنى خراپیشى هەیە ئەویش ئەوەیەکەئەوئاوەگەرمە لەگەڵ خۆیدا بڕێکى زۆر خوێ وخاوى توواوەى هەڵگرتووەکەدەبێتە داخورانى خێراى ئەوبۆرییانەى کەدەیگوێزنەوەبۆ مەشینەکان.هەروەها ئەوپاشەڕۆیەى لەم کارگانەوە دەردەچن ئاوى ڕوبار ودەریاچەکان پیس دەکەن ،ئەمەسەرەڕاى ئەوەى کەدەرهێنانى ئەوئاوەلەوئەشکەوتە نزیکانەى ڕووى زەوییەو وە بەتاڵکردەوەیان لەوانەیببێتەهۆى تەپینى زەوى لەوناوچانەدا. 
وەک دەبینرێت هەر ڕێگەیەک بۆبەدەستهێنانى وزە هەرچەند لایەنێکى باشى هەبێت بەڵام لەلایەکى ترەوە زیان بەژینگە وکەشوهەواى زەوى دەگەیەنێت،ئەمەش هەمووى هەر لەخزمەتى ئادەمیزاد دایە،دەبا زیاتر زەوى وژینگەمان خۆشتر بووێت 
وبیپارێزین وپیسى نەکەین.




سەرچاوەکان

-Grotzinger، J.، Jordan، T.H.، Press،F.، and Siever، R.، 2007، Understanding Earth، Freeman and 
Company،New York،y، 579p.
-Hamblin،W.K.، and Christansen،E.H.، 2004، Earth's Dynamic Systems، 10th Edition، Pearson، 
Printice Hall، New Jersey، 759p
-Marshak،S.، 2001،Earth portrait of a planet، Noeton and Company، New York، 735p.
-ئیبراهیم محەمەد جەزا، خەڵوزى بەردین، گۆڤارى خاک، جون 2009 ، ژمارە 144، ل 46-47 .
-ئیبراهیم محەمەد جەزا، پیترۆل چییە و چۆن دروست دەبێت؟، گۆڤارى زانستى سەردەم، ژمارە 37 ، ل 113-117 ، 2009 . 
-ئیبراهیم محەمەد جەزا، پیترۆل چۆن ولەکوێدا کۆدەبێتەوە؟،گۆڤارى زانستى سەردەم، ، ژمارە 38، ل 215-218 ،2009.
-ئیبراهیم محەمەد جەزا ، بابارەسول غەفور ، کەیوان مەحمود، 2002، فەرهەنگى زەویناسى(ئینگلیزیى- کوردیى)، 
چاپخانەى بەدرخان،سلێمانى،127ل.




تێبینى: وێنەکان لەسەرچاوەى دووەمەوە وەرگیراون و دەستکاریکراون بەڕەزامەندى نووسەرى کتێبەکە.




وێنەى ژمارە (١): مێژووى سەرچاوەکانى وزە کە مرۆڤ بەکاریدەهێنێت.
وێنەى ژمارە (٢)وزەى گەرمیى زەوى بەکاردێت بۆبەرهەم هێنانى کارەبا لەوڵاتى نیوزیلاند .
وێنەى ژمارە (٣)لەوناوچانەى کە بەردەکان تووشى شکان هاتوون ئاوى نزیک ڕووى
زەوى دەچێتەخوارەوە، کەلەوێ گەرم دەبێت و بەقڵیشەکاندا دیسانەوە بەگەرمى
دێتەوە سەرەوە ولەکانیاوەگەرمەکاندا دەبینرێت. 
وێنەى ژمارە (٤)لەناوچەگڕکانییەکاندا ئاوى ژێرزەوى گەرم دەبێت بەهۆى نزیکى
لە گڕتاوەکەوە. گیزەرو کانیاوى گەرم دروست دەبێت کاتێک ئاوەکەدێتەوەسەر ڕووى زەوى.

No comments:

Post a Comment