لەدەستپێكی كارەكانی كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس سێ پرسی ئابووریی گرنگ تاوتوێكران. بەگوتەی شارەزایانی ئابووریی ئەگەر نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوام بێت، ناوچەی مینا 300 ملیار دۆلار زەرەرمەند دەبێت.
هێمن لهۆنی، بەڕێوەبەری پۆرتاڵی رووداو و نێردراوی رووداو لە كۆڕبەندی ئەمساڵی داڤۆس رایگەیاند، لە دەستپێكی كارەكانی كۆڕبەندەكەدا، كە ئەمڕۆ چوارشەممە 20-1-2016 دەستیپێكرد، سێ بابەتی گرنگی ئابووریی بابەتی سەرەكی پانێلەكان بوون، ئەوانیش؛ پاشەكشەی ئابووریی چین، نرخی نەوت و بازاڕە نوێییەكان.
هێمن لهۆنی گوتی "خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی چین پرسێكی گرنگ بوو، چونكە گەشەی ئابووریی چین دوای 25 ساڵ پاشەكشەی كردووە، ئەوەش كاریگەری بەسەر بازاڕی جیهان هەیە".
لەبارەی هۆكارەكانی پاشەكشەی بازاڕی چین، لهۆنی كە ئامادەی پانێلەكانی ئەمڕۆی داڤۆس بووە، گوتی هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی هەیە. گوتیشی، هۆكارە ناوخۆییەكان بریتین لەوەی حكومەت گرنگی زیاتر بە ژێرخانی ناوخۆیی دەدەت، هاوكات داواكاریش لەسەر كاڵای چینی لە دەرەوە كەمبووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی خانووبەرە و قەرزی خەڵك لای بانكەكان، وایكردووە، ئابووریی چین لە گەشەكردنی خێرا بوەستێت.
لەبارەی پرسەكانی دیكەی ئەمڕۆی داڤۆس، هێمن لهۆنی گوتی، نرخی نەوت پرسێكی دیكەی پانێلەكان بوو، كە زۆرینەی شارەزایان بە مەترسیەكی گەورەی دەزانن بۆ سەر ئابووریی جیهان.
لهۆنی گوتی "شارەزایان باسلەوەدەكەن ئەگەر نرخی نەوت بگاتە 20 دۆلار ئەوا ناوچەی مینا (كە لە جەزائیرەوە بۆ وڵاتانی كەنداو دەستپێدەكات و عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە) نزیكەی 300 ملیار دۆلار زیان دەكات".
بەگوتەی نێردراوی رووداو یەكێكی دیكەی لە پرسەكانی ئەمڕۆی كۆڕبەندی داڤۆس پرسی بازاڕە نوێییەكانی وەك توركیا، بەرازیل و رووسیا بوون، كە بە گوتەی توێژەرانی كۆڕبەندە ئابوورییەكە، ئەوانیش تووشی پاشەكشە بوون و ئابووریەكی ناسەقامگیریان هەیە.
No comments:
Post a Comment